کانونی دوھەم 23, 2021 17:19 Asia/Tehran
  • سبەی شاندی هەرێم لە بەغدایە

بڕیارە سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتیش لە شارەکە دەڵێت، شاندەکە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە.

 

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی هەرێم ، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەمڕۆ شەممە 23ی کانونی دووەم وتی ، سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغداد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

وتیشی، “شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم و بە بەشداری ژمارەیەک وەزیر و بەر پرسی حکومی دەبێت”.

فارس عیسا ئەوەشی خستەڕوو، شاندەکە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا دوو شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد یەکێک لە شاندەکان سیاسی و ئەوی دیکەیان حکومی دەبێت.

بڕیارە شاندی سیاسی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە بەشداری بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە بێت، وەک ئەوەی وەزیری پلاندانانی هەرێم ئاماژەی پێدا.

دەربارەی وادەی سەردانی شاندە سیاسییەکەی هەرێم بۆ بەغداد فارس عیسا وتی، “بڕیارە سەردانی ئەو شاندە پاش سەردانی شاندە حکومییەکە بێت، بەڵام ئاگاداری وادەکەی نیین”.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ و دانوستاندنەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بڕیاربەدەستان لە بەغداد بەردەوامن بۆ تێپەڕاندنی شایستەکانی هەرێم وەک ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، ئەگەرچی تێبینیمان هەیە و تەواوی خواستەکانمان لەخۆناگرێت.

 

 

سەرپەیڤ