کانونی دوھەم 24, 2021 14:29 Asia/Tehran
  • وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمی کوردستان مووچه‌ى مانگه‌کانى 11 و 12شى کرده‌ پاشه‌که‌وت

وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووریى حکومه‌تى هه‌رێم مووچه‌ى ھەردوو مانگى 11 و 12ى ساڵى رابردووى کرده‌ پاشکه‌وت و ئه‌و مووچه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌دابه‌شکردنى کراوه‌ بۆ مانگى 1ى ئه‌م ساڵه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 24ى کانونى دووه‌مى 2021 دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیپێکرد و بڕیاره‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 28 مانگ کۆتایى پێبێت.

 میدیای هاوڵاتى  لە ھەواڵێک دا بە گوێرەی  دوو سه‌رچاوه‌ى ناو وه‌زاره‌تى دارایى  ھەرێمی کوردستان نوسیویەتی‌ :‌ ئه‌و موچه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌دابه‌شکردنى کراوه‌ موچه‌ى مانگى 1ى ئه‌مساڵه‌ و موچه‌ى مانگه‌کانى 11 و 12ى هاوشێوه‌ى پێنج مانگى دیکه‌ى 2020 پاشه‌که‌وت کرا.

یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه‌ ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ بۆ له‌مه‌ودوا رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بکرێت یان نا 30 رۆژ جارێک موچه‌ دابه‌ش ده‌کرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ مووچه‌ى هه‌ریه‌که‌ له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی، دیوان و لیواکانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، یه‌که‌کانى 70 و 80 و وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى دابه‌شده‌کرێت.

17ى ئه‌م مانگه‌، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 24ى مانگ، ده‌ستده‌کرێت به‌ دابه‌شکردنى موچه‌ به‌ لێبڕینى 21% بۆ موچه‌خۆرانى ئاسایى و 50% بۆ پله‌ تایبه‌ته‌کان به‌هه‌مان میکانیزمى مانگى پێشوو به‌پێى خشته‌ى په‌یڕه‌وکراو.

هه‌روه‌ها سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ موچه‌ى هه‌ریه‌که‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى و به‌رگریى و فریاکه‌وتن، لیواى نه‌وت، ره‌گه‌زنامه‌، وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراون و که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و زیندانیانى سیاسى دابه‌شده‌کرێت.

سەرپەیڤ