بەغدا دەستەڵاتی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێ بە دەستەوە
بەغدا بڕیاری داوە دەستەڵاتی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێ بە دەستەوەو دەروازە نافەرمیەکانیش دا بخات.
«عومەر وائیلی» سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە، لەماوەی ساڵی رابردوو دا داهاتی دەروازە سنورییەکان گەیشتووەتە ترلیۆنێک و ١٩٤ ملیار دینار، بەجیاوازی ٧١ ملیار دینار بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ دا، کەترلیۆنێک و ١٢٢ ملیار دینار بووە.
لەبارەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاندووە: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە گشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گفتۆگۆی داخستنی دەروازە نافەرمییەکانی کردوەو بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا رێوشوێنی پێویست لەوبوارەدا بگرینە بەر،بەتایبەت لەرێکخستنی حوکمەکانی گێرانەوەی دەسەڵات بەسەر دەروازە سنورییەکانی هەرێم، بەپێی رێکارە یاسایی وفەرمییەکان.
«عومەر وائیلی» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،ئەو داهاتە زیادەی کەلەساڵی ٢٠٢٠ دا مسۆگەر کراوەە، لەکاتێکدا بووە کە رێوشوێنی تۆندیشیان لەسەر دەروازە سنورییەکان دانابوو لەماوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی حەوت مانگ.