شوبات 08, 2021 14:25 Asia/Tehran
  • ئومێد خۆشناو بوو بە پارێزگاری ھەولێر

ئومێد خۆشناو، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ پارێزگاری نوێی هه‌ولێر هه‌ڵبژێردرا، فراکسیۆنه‌کانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش بایکۆتی پرۆسەی دەنگدانه‌که‌یان کرد، فراکسیۆنی یەکێتی ئەگەرچی بەشداری دانیشتنەکەی کرد، بەڵام دەنگینەدا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی شوباتی 2021، دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر کاندیدی پارێزگاری نوێی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ دانیشتنه‌که‌دا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ 18 ده‌نگ، ئومێد خۆشناوی وه‌ک پارێزگاری نوێی هه‌ولێر دیاری کرد.

سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ میدیای وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ته‌نها فراکسیۆنی پارتی و پێکهاته‌کان ده‌نگیان به‌ ئومێد خۆشناو، بۆ پۆستی پارێزگاری هه‌ولێردا.

وتیشی:"فراکسیۆنه‌کانی کۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌کگرتوو بایکۆتی دانیشتنه‌که‌یان کرد، فراکسیۆنی یه‌کێتی به‌شداری کرد، به‌ڵام ده‌نگیان نه‌دا".

ئه‌وه‌شی باسکرد، فراکسیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و پێکهاته‌کان له‌ حکومه‌تی خۆجێیی هه‌ولێر به‌شدارنین، بۆیه‌ زیاتر رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاسایی بوو ده‌نگ نه‌ده‌ن.

بایۆگرافیی ئومێد خۆشناو:- ناوی تەواوی ئومێد عەبدولرەحمان حەسەنە- یەکی حوزەیرانی ساڵی 1977 لەدایکبووە- بەکالۆریۆسی لە راگەیاندن و رۆژنامەوانی ھەیە- ماستەری لە یاسای گشتی ھەیە- ئەزموونی 12 ساڵی لە بێژەری سیاسی و کاری میدیایی ھەیە- سکرتێری پێشووی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بووە لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان- ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

پێش ئۆمێد خۆشناو ، فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر بوو کە بە نەخۆشیی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا . 

سەرپەیڤ