شوبات 16, 2021 21:29 Asia/Tehran
  • فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان: بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم کەمتەرخەمییان نواندووە

فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکی له‌سه‌ر هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ی شه‌وی رابردووی هه‌ولێر بڵاوکردووەتەوەو تیای دا رایگه‌یاندووە: چۆن دەبێ گروپێکی چەکدار چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەوە بێن و کەتنێکی لەو جۆرە بقەومێنن، لەم پەیوەندییەدا حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکانی بە کەمتەرخەم دەزانین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا هاتووه‌: بەداخەوە شەوی رابردوو چەند موشەکێک ئاراستەی هەولێر کرا کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکدا دروستکرد، ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژییە مەترسی دارە بۆسەر ئارامیی خەڵک و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش هەولێر، رایدەگەیەنین کە ئەم رووداوە پێشینەیەکی خراپە و ئەرکی حکومەتی فیدراڵ و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانانە کە هەم رێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرن، هەم تاوانبارانی پشت ئەم هێرش و پەلامارە بۆ رای گشتیی ئاشکرابکەن و بە سزای یاسایی بگەیەندرێن.

فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، ئەمڕۆ عیراق زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە پێویستی بە ئۆقرەیی و ئاسایش و ئارامییە و ناکرێت ململانێ و ناکۆکیی ناوچەیی و تەراتێنیی دەزگا هەواڵگرییەکان، سەلامەتیی ژیان و گیانی  خەڵکی کوردستان کە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکیان بەو ململانێیانەوە نیە، بکرێنە قوربانی.

لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی دا ھاتووە: چۆن دەبێ گروپێکی چەکدار چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەوە بێن و کەتنێکی لەو جۆرە بقەومێنن، ھەر بۆیە لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکانی لەم پەیوەندییەدا بە کەمتەرخەم دەزانین.

سەرپەیڤ