ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و عێراق سنووردار دەکرێت
لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی کۆرۆنای ھەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکردو بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت و هاتووچۆش لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و عیراق تەنها رێگە بەوەفدی حکومی و دبلۆماسی بدرێت، هەر کەسێکیش ماسک بەکارنەهێنێت سزا بدرێت.
بە پێی ھەواڵێکی پی یوو کەی میدیا ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لەهەرێم بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن لەناوەندەکانی پەروەردە و زانکۆکان بەردەوام بێت.
وتیشی: بۆ یادەکانی مانگی ئادار هیچ گردبوونەوە و چالاکییەکی جەماوەری رێگەی پێنادرێت و لیژنەی ئۆپراسیۆنی پارێزگاکان راسپێرداون بۆ جێبەجێکردنی و دەبێت لەبازگەکانی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و عیراق تەنها رێگە بەهاتووچۆی وەفدی حکومی و دبلۆماسی بدرێت و هاتووچۆی گەشتیاران لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی تری عیراق رادەگیرێت.
باسی لەوەشکرد کە لەمەودوا وەک پێشتر بەستنی ماسک جێبەجێ دەکرێت و دەسەڵاتیش دراوەتە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی پارێزگاکان کە رێکاری توند بگرنەبەرو هەرکەسێک ماسک نەبەستێت سزا بدرێت.
لەبارەی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداش ئەوەی خستەڕوو: ئەمڕۆ یان سبەینێ وەفدەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەغداو ئەو رێککەوتنەی پێشتر کراوە لەگەڵ بەغدا ئەوە جێبەجێ دەکرێت.