پاپا فرانسیس سبەی لە هەولێرە
سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بەردەوامە و بڕیارە سبەی بگاتە هەولێر و موسڵ، یەکەم دیداریشی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی هەرێم ، لەچوارچێوەی سەردانە چەند ڕۆژییەکەیدا بۆ عێراق بڕیارە سبەی یەکشەممە 7ی ئازار پاپا فڕانسیس، پاپای ڤاتیکان بگاتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە ئاینی و مەدەنییەکانەوە پێشوازی بکرێت.
دواتر پاپا دەچێتە موسڵ و چەند سەردان و ڕێوشوێنێکی ئاینی ئەنجامدەدات، بەر لە دووبارە گەڕانەوەی بۆ هەولێر و گردبوونەوەی نوێژی قوداس لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری.
بڕیاریشە پاش گەڕانەوەی بۆ بەغداد، بۆ ڕۆژی دواتر لە فڕۆکەخانەی بەغداد مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ پاپا ڕێکبخرێت، بەر لە جێهێشتنی فڕۆکەخانە و گەڕانەوە بۆ ڕۆما.
دوێنێ هەینی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەسەردانێک گەیشتە بەغدادی پایتەختی عێراق و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و لە یەکەم وێستگەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و لە کۆشکی سەلامی سەرۆکایەتیی کۆماریش وتارێکی پێشکەشکرد، بڕیاریشە سبەینێ یەکشەممە 7ی ئازار سەردانی هەولێر بکات.
بەیانی ئەمڕۆش پاپا گەیشتە نەجەف و دیدارێکی لەگەڵ ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان لە عێراق ئەنجامدا، نیوەڕۆش گەیشتە شاری ئووری مێژوویی و بەشداری لە دیداری ئایینەکاندا کرد، بەر لە ئەنجامدانی نوێژ.