ئادار 06, 2021 22:26 Asia/Tehran
  • بە مەبەستی چارەسەری گرفتی نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم،شاندێکی به‌غدا سەردانی ھەرێم دەکات

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رایده‌گه‌ێنێت، بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن و چارەسەری گرفتی نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم، دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ چارەکردنی گرفتەکان، بڕیارە شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.

فەتحی مەجید، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند، بڕیار دراوە چەند لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق دروست بکرێن، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە بواری بازرگانی لە نێوان ھەردوولا ھەن بە ھاوبەشی چارەسەریان بکەن، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی.

وتیشی: بڕیارە ھەر گرفتێک ھەبێت لە بواری بازرگانی لە نێوان ھەردوو لا، لیژنە ھاوبەشەکان کە ئێستا سەرقاڵی دروستکردنین، چارەسەری بکات و ھیچ گرفتێک لە نێوان ھەردوولا نەمێنێت، بۆیە ئێمە سەردانی بەغدامان کرد و بڕیارە لە زووترین کاتیشدا شاندێکی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی بتوانین بە زوویی ئەو کێشانەی ھەن، چارەسەریان بکەین.

 باسی لەوەشکردووه‌: پێشتر بازرگانانی ئێمە کە کەلوپەلیان دەبرد بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە مۆڵەتیان لای ئێمە ھەبوو، ئەگەر مۆڵەتی بەغدایان نەبووایە، رێگرییان لێ دەکردن، بەڵام ئێستا ئەوەی مۆڵەتی حکوومەتی ھەرێمی ھەبێت، رێگری لێ ناکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر کرا، بۆیە ھەر گرفێتک ھەبێت، ئەو لیژنانە چارەسەری دەکەن.

سەرپەیڤ