ئادار 30, 2021 02:40 Asia/Tehran
  • کەوتنی موشەک لە سنووری نێوان پارێزگاکانی ھەولێرو کەرکوک

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی عێراق باسی کەوتنی چەند موشەک لە بنکەکانی ھێزی پێشمەرگەیان کردووە لە سنووری نێوان پارێزگاکانی ھەولێرو کەرکوک.

بە پێی ڕاپۆرتی شەوی ڕابردووی ئیرنا، بڕێک لە سەرچاوە خۆجێییەکانی عێراق باسی ھاوێژرانی ٨ موشەک و بڕێکیش باسی کەوتنی ٦ موشەک لە بنکەکانی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و وەک باسیشی دەکرێت موشەکەکان لەچەشنی کاتیۆشان و بە زۆری لە ناوچەی «ئاڵتون کوپری» کەوتوون. 

لەم پەیوەندییەدا تەلەفزیۆنی «ڕووداو» بە گێڕانەوە لە بەرپرسێکی ئاسایشتی دەڤەری ڕۆژئاوای کەرکوک ژمارەی موشەکەکانی سێ دانە ڕاگەیاندووەو گوایە ھێرشەکەش ھیچ  زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.        

بە پێی وتەی سەرچاوە ئاسایشتییەکانی پارێزگای کەرکوک ھێشتا شوێنی ھاوێژرانی موشەکەکان دیار نییە، بەڵام شوێنی داکەوتنیان چیای مەخموور لە نێوان ھەردووک پارێزگای ھەولێرو کەرکوک ڕاگەیەندراوە.

ھەر لەم بارەیەوە چەند سەرچاوەیەکی خۆجێییش باسی ئەوەیان کردووە کە، دوای ھاوێژرانی ئەو موشەکانە بە بەردەوامی دەنگی تەقەتفەنگیش دەبیستراو ھەتا ماوەیەکیش بەردەوام بوو.

سەرپەیڤ