ئادار 31, 2021 04:48 Asia/Tehran
  • سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دیدارو وتووێژی کرد

ڕۆژی ڕابردوو « نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پاریسی پێتەختی فەرنسا لەگەڵ «ژان ئیڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە کۆبووەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونەوەی نێوان «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و «ژان ئیڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ھەردووک لا  پەرەپێدرانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا، دۆخی عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و دۆخی پێکھاتەکان و ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستانیان  تاوتوێ کرد.

ھەردوولاش جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە و بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەولەتی دژی داعش و ھاوکاری و یارمەتیدانی عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە پێویست زانی.

باسکردنی ھاریکاری و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پشتگیریی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەولەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کارکردن لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا، تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە ی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بوو.

«نێچیرڤان بارزانی»  لەسەر بانگێشتنی فەرمیی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سەردانی  پاریسی پێتەختی ئەم وڵاتەی کردووەو ھەر دوێنێش لە کۆشکی ئێلیزەدا لە لایەن «ئێمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنسا پێشوازی لێ کراو پێکەوە کۆبوونەوە.

سەرپەیڤ