ئێکۆنۆمیست تایمز : نیشانەکانی چاکبوونەوەی پێوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەرکەوتوون
گۆڤاری ئێکۆنۆمیست تایمز نووسیی: هاتوچۆی ئازادانەی عەرەبەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی ئەم دوایییەی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر پرسی بودجە نیشانەن بۆ باشبوونەوەی پێوەندیییەکان ئەوەش پاش ناکۆکییەکانیان لە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم.
بە پێی راپۆری کوردپرێس ، گۆڤاری ئێکۆنۆمیست تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باسی ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتیی ناوەندیی عێراقی کردووە.
گۆڤارەکەی یەک لە ڕووداوە تاڵەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە بۆ لێکەوتە خراپەکانی ڕیفراندۆمی ساڵی 2017.
بەڵام ئێکۆنۆمیست تایمز دەڵێت هێدی هێدی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی دەبێتەوە و ڕێککەوتنی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی لە سەر بودجەی ساڵی 2021ی عێراق یەک لە نیشانەکانی ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی نێوانیانە.
ئەو گۆڤارە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە عەرەبەکانی دانیشتووی ناوەند و باشووری عێراق ئێستا دەتوانن بێ کەفیل بێنە هەرێمی کوردستان و ببنە خاوەنی مڵک و ماڵ و ئەوەش نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی متمانە کردن بە یەکترە لە نێوان کورد و عەرەب و نیشانەشە بۆ لێکگەیشتنی هەولێر و بەغدا.
ئێکۆنۆمیست تایمۆ دەڵێت ئاسایی بوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش نیشانەیێکی گەڕانەوەی متمانە و باشبوونەوەی دۆخی هەرێمی کوردستانە کە پاش لێکەوتە خراپەکانی ڕیفراندۆم ڕوو دەدەن.
یەک لە وەزیرانی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان کە ناوی نەدرکێندراوە بە ئێکۆنۆمیست تایمزی وتووە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا مەکۆی چەندکەلتوورین و ناتوانین بڵێین تەنها نوێنەری فەرهەنگی کوردین.