نیسان 14, 2021 12:18 Asia/Tehran
  • سی و سێ ساڵ بە سەر ئەنفال دا تێ دەپەڕێ و بەرپرسانی کورد داوای قەرەبوو لە حکومەتی بەغدا دەکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالکردنی نزیکی ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی سڤیڵ لە پەیامێکدا داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویی کەس و کاری قوربانییەکانی کردووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی سی و سێ ساڵەی کارەساتی ئەنفال، وێڕای یاد کردنەوەی ئەو ڕۆژە تاڵە بۆ دڵنەوایی لە کەس و کاری قوربانیانی کارەساتەکە داوای قەرەبووی لە حکومەتی بەغدا کردووە.

لە پەیامەکەی «مەسررور بارزانی» دا ھاتووە: ئەمڕۆ سی وسێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت  کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانیی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد ، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان کڵێسای کوردستانی خاپوورکرد ، ڕەز و باخ و کێڵگەی جووتیارانی سووتاند و کانیاوەکانی تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد. لەم یادە پڕ ناسۆرەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە. 

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی پەیامەکەی دا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ کەس وکاری قوربانییان و خەڵکی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، کە هاوکات کاریش دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەس وکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات . 

لە دوا بەشی پەیامەکەی «مەسرور بارزانی»دا ھاتووە: هیوادارم ئەم یادە، بکرێتە هاندەری پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو گەلانی ناوچەکە.

سەرپەیڤ