ئەمڕۆ 24ی نیسان ، ساڵیادی بۆردومانەکەی قەڵادزێ
47 ساڵ لەمەوبەر ، 24ی نیسانی 1974 رژێمی بەعسی عێراق بە بۆمبی ناپاڵم شاری قەڵادزێی بۆرومانکرد .
سەعات (9:45) سەربەیانی رۆژی 24ی نیسانی ساڵی 1974 رژێمی بەعسی عێراق بەفرۆکەی جەنگی و بۆمبی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی (ناپاڵم) شاری قەڵادزێی بۆردۆمانکرد کە لە ئاکامدا چەندین شوێنی گشتی و نیشتەجێبوون و فەرمانگەی حکومی و نەخۆشخانە و سەرۆکایەتی تاکە زانکۆی ئەو کاتە و خوێندنگا و بازاڕ و شوێنی کاری هاوڵاتیانی مەدەنی وێرانکران و (134) هاوڵاتی شەهیدبوون و (152) هاوڵاتی تریش برینداربوون.
رژێمی بەعس دوای تاوانی بۆردومانکردنی قەڵادزی، دەستی لەتاوانکردن بەرامبەر بەم شارە بریندارەی کوردستان هەڵنەگرت. جارێکی تر لە (٢٠/٦/١٩٨٩) پرۆسەی ڕاگواستنی شاری قەڵادزێ و ناوچەی(پشدەر) بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای هەولێر و سلێمانی دەست پێکرد، دوای چۆڵکردنی ناوچەکە لەهاوڵاتیان ، سەرجەم خانوو و قوتابخانەو مزگەوتەکان تەقێنرانەوەو (125) گوندی سنورەکەیش وێرانکران و دانیشتوانەکەشی بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران.