نیسان 29, 2021 21:35 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە

«بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق و «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان،«بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسیەکانی ھەرێمی کودستان ڕۆژی پێنج شەممە چاوی کەوت بە «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵی دا کۆبووەوە.

لەکۆبونەوەکەی نێوان سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق گفتوگۆ کرا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبونەوەکەی «بەرهەم ساڵح»و «مەسرور بارزانی» راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە کە، لەکۆبونەوەی نێوان ھەردووک لا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستور کرایەوە، لەو چوارچێویەشدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی  ٢٠٢١ ، بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانرا کە پێویستە بەشێوەیەکی  دادپەروەرانە خزمەتی سەرجەم پێکهاتە و ناوچە جیاوازەکانی عێراق بکات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش ، بە زوترین کات بنێردرێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕو، لەتەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق کراوە ، بە ئاراستەی زەمینەخۆشکردن لە بەردەم هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ، کە ماف و خواستی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دەستەبەر بکات .

سەرپەیڤ