ئەمڕۆ دوا وادەیە ، زۆربەی حزب و لایەنەسیاسیەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عیراق تۆمارکردووە
بەوتەی لێپرسراوانی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق تاکو ئێستا بەشێکی زۆری ئەو حزب و لایەنەسیاسیانەی مۆڵەتی رەسمیان هەیە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عیراق تۆمارکردووە، راشیدەگەیەنێت ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ ئەو پرۆسەیە ماوەی تۆمارکردن کۆتایی دێت.
لەو بارەیەوە فەرهاد ئەسعەد لێپرسراوی هۆبەی حزب و کاندیدەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بریارە لە 10/10ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، تاکو ئێستا لە سنوری پارێزگا هەولێر 70%حزب و لایەنە سیاسیەکانی مۆڵەتی رەسمیان ناوی خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە تۆمارکردووە.
وتیشی: ئەمرۆِ 1-5-2021 کۆتا رۆژە بۆ ئەوانەی تاکو ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، بۆیە ئەوان دەتوانن تا سەعات دوازدەی شەو سەردانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن.
لێپرسراوەکەی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد: بەشێکی زۆر لەو حزبانەی ئەمجارە خۆیان تۆمارکردووە پێشتریش لەهەڵبژاردنی رابردوو بەشداریان کردووە.
جێی ئاماژیە دوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانی عیراق کە لەکۆتایی ساڵی رابردوو دەنگی لەسەر درا، ئامادەکارییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەستی پێکرد، لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ئەو هەڵبژاردنە بەراورد بۆ هەڵبژاردنەکانی رابردوو زیادکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە لە 18 بازانە بۆ 83، هەر بەگوێرەی یاساکە دەنگ بە کاندید دەدرێت نەوەک بە لیستەکان.