May 02, 2021 14:59 Asia/Tehran
  • ھاوپەیمانیی دوو لایەنی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە

دوو لایەنی « یەکێتیی نیشتیمانی»و «گۆڕان» لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتووی عێراق، لەژێر ناوی «ھاوپەیمانی کوردستان» یەکیان گرت.

 «یەکێتیی نیشتیمانی»و بزوتنەوەی«گۆڕان» لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بە یەک پێڕست دابەزین.

میدیاکانی سەربە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایانگەیاندووە، ئەم لایەنەو بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەک دا بە ناوی «کوردستان» لای کۆمەیساریای باڵای ھەڵبژاردنی عێراق ناویان نووسیوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە سەرۆکایەتیی ئەم ھاوپەیمانییە تازەیە لە ئەستۆی «لاھور شێخ جەنگی» ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.

«ڕزگار حاجی خەمە» ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی دا ڕایگەیاندووە:«لاھور شێخ جەنگی» بە پێی داخوازیی «بافڵ تاڵەبانی» ھاوسەرۆکی ئەم لایەنەو مەکتەبی سیاسیسەرۆکایەتیی «ھاوپەیمانیی کوردستان»ی بە ئەستۆ گرتووە.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە دەیەمی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بەرپا بکرێت. سەرۆک کۆماری عێراق نوامبەری ٢٠٢٠ یاسای تازەی ھەڵبژاردنی ئەم وڵاتەی دوای تێپەڕین لە پەرلەمان، پەسەند کرد. سەرەتا بڕیار وا بوو ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە شەشەمی ژوئەنی ٢٠٢١ بەرپا بکرێت، بەڵام پاشان لە بەر گرفتی جۆربەجۆر ئەم بەروارە کەوتە مانگی ئۆکتۆبەری داھاتوو.

سەرپەیڤ