May 07, 2021 23:19 Asia/Tehran
  • مەهدی شوشتەری:جوڵەی ھێندێک لە وڵاتان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ رژێمی زایۆنی بووەتە هۆی بێ دەرەست بوونی رژێمی زایۆنی لە ئەنجامدانی تاوانی زیاتر لەدژی گەلی فەلەستین

مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی دا بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی قودسەوە ڕایگەیاند:جوڵەی ھێندێک لە وڵاتان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ رژێمی زایۆنی بووەتە هۆی بێ دەرەست بوونی رژێمی زایۆنی لە ئەنجامدانی تاوانی زیاتر لەدژی گەلی فەلەستین.

«مەهدی شوشتەری» سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانیی ھەرێمی کوردستان  لەم  وتووێژەی دا ، دۆزی فەلەستین و قودسی بە بابەتێکی سەرەکی جیهانی ئیسلام زانی و رایگەیاند: مەبەست لە ناونانی رۆژی جیهانیی قودس لەلایەن ئیمام خومەینی (ر.ە) راکێشانی سەرنج و کۆبوونەوەی موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهانە بۆ پشتگیری کردن لە خەبات و بەرگریی رەوای گەلی فەلەستین لە دژی داگیرکەرانی زایۆنی.

«شوشتەری» لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلان و حکومەتانی موسوڵمانی بە هۆکاری هێز و دەسەڵاتی گەلی فەلەستین زانی و گوتی دووبەرەکی لە جیهانی ئیسلام و جوڵەی ھێندێک لە وڵاتان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ رژێمی زایۆنی بووەتە هۆی ئازاتربوونی رژێمی زایۆنی بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر لەدژی گەلی فەلەستین و گەلانی ناوچەکە و داوای پشتگیری هەمەلایەنەی گەلانی موسوڵمانی کرد بۆ بەرگری و بەرخۆدانی گەلی فەلەستین لەدژی داگیرکەرانی زایۆنی تا گەیشتن بە ئامانجی گەلی فەلەستین بۆ رزگارکردنی قودس و فەلەستینی داگیرکراو.

سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی  لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا بە ئاماژەدان بە شکستی تەواوی پڕۆژە و پێشنیار و دانوستانەکانی تایبەت بە ئاشتی لە چەند دەیەی رابردوودا بەهۆی رەچاونەکردنی ریشە سەرەکیەکانی قەیرانی فەلەستین واتە داگیرکاری و پێشێلکردن و گرنگی نەدان بە مافی رەوای چارەی خۆنوسین بۆ گەلی فەلەستین، پڕۆژەی دیموکراسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی تەواوی دانیشتوانی سەرەکی سەرزەمینی فەلەستین لەخۆگرتەی موسوڵمانان، مەسیحی و یەهودیەکان لەپاش گەرانەوەی تەواوی ئاوارە فەلەستینیەکان بۆ سەرزەمینی باوباپیرانی خۆیان بە گونجاوترین پڕۆژەی ئەڵتەرناتیڤ بۆ پرۆژە شکستخواردوەکان ناوبرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی فەلەستین.

سەرپەیڤ