مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامن لە ناڕەزایەتی و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن
لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە گردبوونەوە و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن و داوای دامەزراندن دەکەن.
ئەمڕۆ لە ڕانیە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، بەشێکیان دووپاتیانکردەوە، کە داواکاریی سەرەکییان دامەزراندنە، ئەمە جگە لەوەی لەکاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان پێنادرێت.
مامۆستایەکی وانەبێژ ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو پارەیەی وەریدەگرن کەمە، لە مانگی ڕەمەزانیشدا شایستەی دارایی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوویان وەرگرتووە، بۆیە گلەییان هەبووە.
هەر ئەمڕۆ، بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک، مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، ئەوانیش هەمان داواکارییان هەیەو خێمەی ناڕەزایەتییان هەڵداوەو بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
لە کۆیە، کەلار و چۆمانیش بەهەمانشێوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی وانەبێژ بەڕێوەچوو.
دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی وانەبێژ لەکاتێکدایە، کە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە خوێندنی ناوپۆل لە قوتابخانەکان دەستیپێکردووەتەوە، کە ماوەیەک بوو بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە خوێندنی ناوپۆل ڕاگیرابوو.