May 19, 2021 12:29 Asia/Tehran
  • کاردانەوەکان بە خۆسوتاندنی گەنجێک لە هەولێر تادێ زیاد دەبێت

دوای ئەوەی گەنجێک لە بەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر ئاگر لەخۆی بەردەدا و میدیاکاران بە کەمتەرخەمیەوە ڕووماڵی خۆسووتاندنی دەکەن ، ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە سوتاندنی گەنجێک و ڕووماڵی میدیاکان دەردەبڕێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،پاش ئەوەی دوێنێ (18ی ئایاری 2021) چەند کەسی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بێ وەڵام مانەوەی کەیس و داواکانیان، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بەنزینی بە خۆیدا کرد و لە بەردەم چەند ڕۆژنامەنووسێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ئەو میدیاکارانە بێ گوێدانە ئەو بڕیارەی کە ئەو گەنجە داویەتی و دەیەوێت خۆی بسووتێنێت و بێ ئەوەی ڕێگری لێبکەن چاوەڕوان دەبن تا بەنزین بە خۆیدا دەکات و دواتر ڕاستەوخۆ رووماڵی سووتانەکەی دەکەن. کە ئەم کارەی ڕۆژنامە نووسان کاردانەوەی زۆری بە دواوە بووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە زمانحاڵی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە پەیامێکی لەبارەی خۆسوتاندنی ھاووڵاتیەک لەبەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردوە، بە توندی ئیدانەی کردەوەی ئەو کەناڵانە دەکەین کە بەبێ گوێدانە ڕەوشتی کاری ڕۆژنامەگەری و یاسا کارپێکراوەکانی و ڕێنمایەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی دڵڕەقانە ڕووماڵی ئەم ڕوداوەیان کرد.

لەپەیامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتوە، "دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ڕێگری بکات لەو کردەوانە و داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی هەڵسێت بۆ دوبارە نەبونەوەی ئەم جۆرە کارە نامرۆڤانانە."

سەندیکای رۆژنامەنوسانیش هەڵوێستى خۆی لەسەر مامەڵەى رۆژنامەنوسانى رووداوەکەى هەولێر راگەیاندو دەڵێت،بە داخەوە ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکی ڕووماڵی ڕووداوەکە بوون.

شیاوی ئاماژەیە که‌ ئەو گه‌نجه‌ى ئاگرى له‌جه‌سته‌ى خۆى به‌ردا، به‌په‌له‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئیمێرجنسى له‌هه‌ولێرو دواى چاره‌سه‌ر تائێستاش له‌ژیاندا ماوه‌و له‌ژێر چاودێرى پزیشکدایه‌.

سەرپەیڤ