تورکیا کەمپی مەخموری بۆردمانکرد ، سێ کوژراو هەیە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیانکردە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور.
ڕەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی کە خەڵکی ناوچەی مەخمووریشە لە لێدوانێکدا بە میدیای(سپی) ڕاگەیاند" ئەو بۆردوومانەی کە سووپای تورکیا لە ڕێى فرۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە بۆ سەر کەمپى پەنابەرانی مەخمور ئەنجامیدا، بۆتە هۆی کوژرانی سێ کەسی مەدەنی و برینداربوونی دوو کەس".
لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی باسی لەوەشکرد، کە بۆردوومانەکە باخچەیەکی یاریکردنی منداڵانی گرتۆتەوە کە لە نزیک قوتابخانەیەک بووە، هاوکات ئەو کەسانەشی کە بوونەتە قوربانی هاوڵاتی مەدەنی گەنج بوون.
٢ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مەخمور و کامپی پەنابەرانی مەخموری کرد بەبیانوی ئەوەی کە پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ گەریلاکانی پەکەکە و وتی" ئەنقەرە هاوشێوەی قەندیل دەڕوانێتە ئەو کامپە و هەڕەشەیە لەسەر وڵاتەکەی".