حوزه‌یران 13, 2021 23:09 Asia/Tehran
  • چوار کەس بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە قەڵادزێ کوژران

فڕۆکەکانی تورکیا لە گوندێکی ناحیەی هەڵشۆی سەربە قەڵادزێ ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج، چوار سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکە کوژران.

 

ئەبوبەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ بە میدیای پەرەگرافی وت : "ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ١:٢٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ لە گوندی کانیلان سەر بەناحیەی هەڵشۆ فڕۆکەیەکی شەڕکەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری تۆیۆتا پیکابی لەسەر ڕێگایەکی گشتیی کردە ئامانج".

بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ لەگەڵ تیمێکی لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کردووەو وتیشی : "لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا چوار سەرنشین کە سەرجەمیان پیاوبوون گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا ناسنامەیان دیار نیە کە ئایا سەر بە پەکەکە بوون یان هاووڵاتیی سنورەکەن، تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی قەڵادزێ کراون".

ئەوە یەکەمجار نییە ئەو ناوچەیە ڕوبەڕوی بۆدرومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ببێتەوە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ دەڵێت، بۆردومانەکانی پێشووتر ئەوەندە نزیک نەبوون لە ناوەندی قەزای قەڵادزێ، "ئەم ڕووداوە ١٢ کیلۆمەتر لە ناوەندی قەڵادزێ-وە دوورە".

تورکیا لە دوای شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتییەوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا هاتووەتە ناو هەرێم، بەپێی راپۆرتێکی(CPT) 37 بنکەی سەربازی و هەواڵگریی داناوە، زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێم جێگیرکراون و بەشێکیان لە ناوەندی گوند و شارەکانی دهۆک، زاخۆ و سۆراندان. 

سەرپەیڤ