حوزه‌یران 18, 2021 13:42 Asia/Tehran
  • سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی: ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان و گەرم گوڕ بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکەن

مەھدی شوشتەری سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی ھەرێمی کوردستان جەختی کرد: لە بنکەکانی تایبەت بە ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان و گەرم گوڕ بەدی دەکرێت.

مەھدی شوشتەری سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی ھەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر پەیوەست بە بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی سیانزەھەمین خولی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران لە ھەرێمی کوردستان و ئاستی بەشداریی ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەرێم لە ھەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاند:سوپاس بۆ خودا ھەر لە یەکەم ساتەکانی دەست پێ بوونی دەنگدان لە بنکەکانی تایبەت بە ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان و گەرم گوڕ بەدی دەکرێت و ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بۆ بە جێ ھێنانی ئەرکی نیشتیمانی و ئایینیی خۆیان سەردانی ئەم بنکانە دەکەن و بەو دەنگانەیان ڕۆڵی پێویست لە سیانزەھەمین خولی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانی ئیسلامی دا دەگێڕن.

 

مەھدی شوشتری لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا لە خولەکانی ڕابردووش دا توانراوە وەھا تەگبیرێک بۆ بەشداریی ئێرانییەکانی دانیشتووی ھەرێم لە ھەڵبژاردنەکاندا بکرێت وتیشی: لە ھەموو خولەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی دا بە پێی یاسا، ھاوکات لەگەڵ ئێران ھەڵبژاردن لە تەواوی وڵاتان و نوێنەرایەتیە سیاسی و کۆنسولییەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەندەران بەرپا دەکرێت، ئینجا لەم خولەش دا کە خولی سیانزەھەمی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتییە، پێشتر بەستێن بۆ بەرپاکردنی لە ھەندەران و بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا خۆش کراوە. لە ئێستادا لە زیاتر لە ١٣٠ وڵاتی جیھان بە عێراق و ھەرێمی کوردستانیشەوە شایەتی بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێرانین لەو بنکانەی کە لە دەرەوەی وڵات دیاری کراون.

 

سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی ھەرێمی کوردستان لە بارەی شێوازی ژماردنی ئەو دەنگانەش کە لە دەنگدەرانی ئێرانیی دانیشتووی ھەندەران بە ھەرێمی کوردستانیشەوە وەردەگیرێت وتی: بە پێی یاسا سندوقەکانی دەنگوەرگرتن دوای مۆڵەتی یاسایی و کۆتایی ھاتنی کاتی دەنگدان ھەر لە نوێنەرایەتیە سیاسی و کۆنسولییەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەژمێردرێن و کۆ دەکرێنەوەو ئینجا دەرەنجامەکەی بە بنکەی ھەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات کە لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرندا جێگیرە، ڕادەگەیەندرێت.

 

مەھدی شوشتەری ڕاشیگەیاند: ئەو ھاوڵاتییە بەڕێزانەی ھەرێم کە بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکەن ھەم داگری ئەو ئێرانیانەن کە دانیشتووی ھەرێمی کوردستانن و ھەم ئەو بازرگان و کاسبکارانەی کە خەریکی سات و سەودان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ھاتوچۆی ئێرە دەکەن و لە ئێستادا بە ھەڵکەوت لە ڕۆژی بەرپاکرانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە.

 

سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی لە وەڵامی ئەم پرسیارەش کە بە سەرنجدانی ناھێمن بوونی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی پێشترو ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە بەر ھێرشی جاروبارەی شانە نوستوووەکانی تیرۆریستان، ئایا سەردانیکەرانی بنکەکانی دەنگدان ھەست بە ھێمنی دەکەن و بێ ترس بەشدار دەبن لە ھەڵبژاردنەکاندا ، وتی: بەختەوەرانە ھێمنایەتی لێرە جێگیرەو ھاوڵاتیانی ئێرانی دەتوانن بە بێ ھیچ جۆرە ترس و دڵەڕاوکەیەک سەردانی بنکەکانمان بکەن و لە سیانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی وڵاتەکەیاندا بەشداربن.

 

مەھدی شوشتەری جەختی لەوەش کردەوە کە، لە ڕووی مەترسیی تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە، بە سەرنجدانی ئەو ئاگادار کردنەوانەی کە پێشتر ئەنجامی گرتووەو ئەو تەگبیرانەی کە لە بنکەکانی دەنگدان کراون، تەواوی ئەو ھاوڵاتیانەی کە سەردانی بنکەکان دەکەن ھەموو ڕێنمایە تەندروستییەکان ھەر لە مەودای جەستەییەوە بگرە ھەتا بەکارھێنانی دەمامک ڕەچاو دەکەن و تەنانەت  ئەوانەش کە دەمامکیان پێ نییە لە بنکەکاندا دەیاندرێتێ و بە گشتی ھەموو پێداویستییەک بۆ بەرپاکرانی ھەڵبژاردنێکی بێ گرفت ئامادەیەو بە ختەوەرانە ھیچ بەربەستێک لە بەردەم بەشداریی ئێرانییە بەڕێزەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی دا بەدی ناکرێت.

سەرپەیڤ