نێچیرڤان بارزانی: نابێت خاکی هەرێم ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرش دژی وڵاتانی دراوسێ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، بەهیچ شێوەیەک نابێت خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و سنورەکانی ببنە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرش دژی وڵاتانی دراوسێ و داوا لە پەکەکە دەکات ڕێز لە دەسەڵاتداری شەرعی هەرێمی کوردستان بگرێت.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی هەرێم ، لە میانی وتارێکیدا، لە ئاهەنگی دەرچونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، نێچیرڤان بارزنی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕو ئاڵۆزیەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) و سوپای تورکیاوە وتی: دەبێت بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست پێکەوە بە پەکەکە بڵێین، چیتر بە بێڕێزی لە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە شەعیەکان و لە بەرژەوەندی و سەروسامانی خەڵکی کوردستان نەڕوانێت.
سەرۆکی هەرێم وتیشی: پەکەکە ئەم شەڕە بێهودەیە، لە یەخەی خەڵکی کوردستان دووری بخاتەوە، ڕێز لە سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتداری شەرعی کوردستان و پابەندی بە یاساکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، چیتر نەبێتە مایەی لەشکرکێشی و زەرەر و زیان و کێشەی سەربازی بۆ گەلی کوردستان، کە خۆی بەدەست کێشە و گرفتەوە گیرۆدەیە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی حکومەتی عێراقی زانی، سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت و وتی: حکومەتی عێراقیش دەبێت ئەرکی خۆی لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ جێبەجێبکات.