ته‌مووز 04, 2021 17:18 Asia/Tehran
  • هاتوچۆ و کاری بازرگانی بەبێ هیچ کێشەیێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە

کونسوڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا ڕەتی کردەوە کە کێشە لەسەر ڕێگای سەردانیکەران و بازرگاناندا دروست بووبێت بۆ هاتوچۆ کردنیان و وتی: هەموو دەروازە سنوورییەکان و هاتووچۆی هەر حەوت گرووپەکە وەکوو پێشوو لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کراوەیە و کۆسپێکی لەبەردەمدا نییە.

نەسروڵڵا ڕەشنوودى کونسوڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێس وتیشی: تەنها لە دەروازەی پەروێزخان ڕاگەینراوە بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە پارێزگاریی کرماشان و قایمقامی قەسری شیرین دەتوانرێت هاتوچۆ بکرێت بەڵام لە  پارێزگاکانی دیکە بۆ هاتوچۆ کردن دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارییدا هاتوچۆ بکرێت.

ناوبراو ئاماژەی دابەوەی کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەبۆنەی بڕیاری ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وەستانێک لە هاتوچۆی دەروازەی حاجی ئۆمەراندا ڕوویدا کە پاش هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە پڕۆسەی هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە.

ڕەشنوودی جەختی کردەوە کە هیچ وەستانێک لە هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوونی نییە و چەند حاڵەتی پێشوو کە باسی لێوە کرا؛ ئەوانەی بۆ دەرمان هاتوچۆ دەکەن، خوێندکارانێک کە لە زانکۆکانی ئێراندان و ئەوانەی کارتی ئیقامە و ڤیزەی بازرگانی کردن و سەرمایەدانانیان هەیە بە لەبەرچاو گرتنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەتوانن سەردان بکەن.

سەرپەیڤ