دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی نوێ سەبارەت بە پێشمەرگە ،ئێزدییەکان گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ شەنگال ڕەتدەکەنەوە
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێزدی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە: "هەر ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ شەنگال ڕەتدەکەینەوە."
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حاجی کەندۆر پەرلەمانتاری پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پێکهاتەی ئێزدییەکان بەپێگەی "مەعلومە"ی وتووە: "گوێ بیستی ئەوەبوین کە ڕێککەوتنێک هەیە بۆئەوەی چەند لیوایەکی هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق بۆئەوەی لە شەنگال بڵاوەیان پێبکرێت، بەڵام ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئەوە ڕەتدەکەینەوەو ڕێگە بەجێبەجێکردنی نادەین".
جەختیشی کردۆتەوە کە "ئەو ڕێککەوتنە پێچەوانەی خواستی خەڵکی شەنگالە کە ڕێگە بەگەڕانەوەی ئەو هێزانە نادەن کە لەدۆخە هەستیارەکاندا دەستبەرداریان بون، بۆیە قبوڵناکرێت بازرگانیی سیاسیی بەئێزدییەکانو خەڵکی شنگالەوە بکرێت".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، نوێنەرانی هەردوو پێکهاتەی عەرەبو تورکمان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەکەرکوک ڕایانگەیاند: "پێکهێنانی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕەتدەکەینەوەو قبوڵی ناکەن بەمەبەستی بڵاوەپێکردنیان لەناوچە کێشەلەسەرەکان، لیواکانی پێشمەرگە بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری".
هەروەک داوایانکردوە دۆسیەی ئەمنیی کەرکوکو سەڵاحەدینو نەینەواو دیالە بەتەنها لەدەستی حکومەتی فیدراڵیدا بمێنێتەوە.