تشرینی دووه‌م 18, 2021 20:32 Asia/Tehran
  •  سێھەمین پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی سلێمانی

پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە بەرواری ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ی زاینی، «مەهدی شوشتەری» سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی بەشداریی ئاھەنگی کرانەوەی سێھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە بەشی میدیایی کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانیی ھەرێمی کوردستان، لە ئاھەنگەکەدا وەزیرانی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردەی هەرێمی کوردستان، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی چاپەمەنیەکانی عێراق و کۆمەڵێک لە بەرپرسان و کەسایەتیە سیاسی، زانکۆیی، ئایینی و رۆشنبیرییەکانی هەرێم و پارێزگای نەینەواش بەشداربوون.

لەم پێشانگایەدا چەندین چاپەمەنی لە ١٥ وڵاتی جیهانەوە لەوانە ٤۰ دەزگای چاپەمەنی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کتێبەکانی خۆیان خستوەتە بەر دیدی ھۆگران.

بۆ یەکەمین جار ژووری نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرپەرشتیی «خانەی کتێب و ئەدەبیاتی ئێران» بە زیاتر لە ٨٠٠ ناونیشانی کتێب لە ٣٠ دەزگای چاپەمەنیی ئێرانی لە بوارەکانی ئایین، ئەدەبیات، شیعر، مێژوو، هونەر، منداڵ و لاو و...هتد بەشداریی ئاھەنگەکەیان کردووە. بەشی رۆشنبیریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و چەند دەزگایەکی چاپەمەنیی نیشتیمانی و پارێزگاکان ژووری جیاوازیان لەم پێشانگایەدا هەیە.

پاش تەواوبوونی ئاھەنگەکە، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی هاوڕێ لەگەڵ سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی ژووری خانەی ئەدەبیات و کتێبی ئێرانیان کرد. لەم سەردانەدا سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران قورئانێکی نایابی بە دیاری بەخشیە وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان.

سەرپەیڤ