وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان وەڵامی وەزیری بەرگریی تورکیای دایەوە
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزیری بەرگریی تورکیا وتی، نە کوردستان نە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، لە وەڵامدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "خلوسی ئاکار خۆشی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، پێمان ناڵێت ئەو شوێنەی سەردانی کردووە کوێیە؟"
لە چەند رۆژی رابردوودا، لەکاتی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی پلان و بودجەی تورکیا خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا وتی، "لە ناوەوە و لە دەرەوە تورکیاشدا هیچ جوگرافیایەک بە ناوی کوردستان بوونی نییە"، لە وەڵامدا گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپە پێی دەڵێت، "تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بوونی نییە"، خلوسی ئاکار لە وەڵامدا دەڵێت، "نەخێر نەخێر."
لە وەڵامی قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیادا، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وتەکانی خلوسی ئاکار لەمەڕ ئینکارکردنی کوردستان جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە کەسێک لە پێگەیەکی فەرمی دەوڵەتدا رێگە بە خۆی بدات ئینکاری واقیعێکی مێژویی و دیموگرافی و جیوگرافی بکات کە لە راستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو وەزیرە خۆشی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی کردووە کوێیە و ناوی چییە؟"
باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم وەزیرە لە بوونی جوگرافیای کوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێک لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەکان بداتەوە ئینجا بۆی دەردەکەوێ کوردستان هەیە یان نییە، عەقڵیەتی ئینکارکردنی میللەتێک و جوگرافیاکەی هەمیشە سەرچاوەی کێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێک ناگات."