ئاگر لەبینای ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کەوتەوە
کاتژمێر 10:00ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لەناو بینای ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لەهەولێر کەوتەوە، لەئێستاشدا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شاستانی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردوە.
بە پێی ھەواڵێکی وێستگە نیوز ، تائێستا هۆکاری ئاگرەکەی ناو بینای ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان نەزانراوە، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆش پشووی فەرمییە هیچ کارمەندێک لەناو بیناکەدا نەبووە، هەروەها ئاگرەکە لە نهۆکی سێیەمی بیناکە کەوتووەتەوە.
لەم کاتەدا چوار تیمی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شاستانی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئاگرەکە زیانی ماددی هەبووە.
بینای ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دەکەوێتەسەر شەقامی 60 مەتری شاری هەولێرو لەتەنیشت بینای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستانە، وەک لەوێنەکاندا دیارە لەکاتی رووداوەکەدا دەرگای سەرەکی بیناکەی داخراوە و هیچ کەسێک لەژوورەوە نەبووە، تائێستاش هۆکاری ئاگرکەوتنەوە نەزانراوە.