لە دیداری مەسعوود بارزانی و ئیرەج مەسجدی ، جەخت لە پرەنسیپی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی لە حوکمڕانی کرایەوە
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کرد، لە کۆبوونەوەیاند ا جەخت لە پرەنسیپی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی لە حوکمڕانی لە عێراق کراوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری، بووژانەوەی و راستەڕێبوونی پرۆسەی سیاسیی عێراق جەخت لە پرەنسیپی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی لە حوکمڕانی کراوەتەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوەکە، بارودۆخی سیاسی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو و هەنگاوەکانی لە یەکدی نزیکبوونەوەی لایەنە عێراقییەکان تاوتوێ کراوە. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی و کولتووری لە تەوەرەکانی دیکەی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون. هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پێشوازیی لە ئیرەج مەسجدی کرد و لەگەڵی کۆبووەوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کارکردن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
ھەر وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیى کارکردن بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتانى ناوچەکە لەسەر بنەماى دۆستایەتى و بەرژەوەندیى هاوبەش".