کانونی یه‌که‌م 26, 2021 08:55 Asia/Tehran
  • تەرمی 16 کۆچبەری خنکاو لە نۆکەندی ئینگلیز گەڕێنرانەوە ھەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ و دوای دووجار لەدوادخستنیان، تەرمی 16 کۆچبەری خنکاو لە نۆکەندی ئینگلیزی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێنرانەوە و تەرمەکانیان کاتژمێر 2:23 گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر.

بە پێی ھەواڵێکی میدیای  وێستگەنیوز، تەرمی 16 کۆچبەرەکە لە ئیستەنبووڵەوە گەڕێنرانەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کاتژمێر 2:23 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنەوە هەولێر، لەفڕۆکەخانەش کەسوکاری قوربانیان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون بۆ پێشوازیی لە تەرمی قوربانییەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆچبەرانە هەشت کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین، چوار کەسیان خەڵکی دەربەندیخان، یەکێکیان خەڵکی هەولێر، کۆچبەرێک خەڵکی سۆران و دوو کۆچبەری دیکەش خەڵکی ناوچەکانی هەرێمن.

لەنێو ئەو بەلەمەی کۆچبەرانی لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا هەڵگرتبوو و لە نۆکەندی ئینگلیز لە 24-11-2021 نوقمبوو، بەپێی لێدوانی دوو رزگاربووی رووداوەکە 33 کەس هەبوون، بەو پێیە تاوەکو ئێستا تەرمی چەند کۆچبەرێک نەدۆزراوەتەوە.

لەماوەی هەفتەیەکدا سێ یەختی کۆچبەران لەیۆنان ژێرئاوکەوتوون، کەدواترینیان رۆژی 23ی ئەم مانگە بووە و 103 کەس لەنێو ئەو بەمەلەدا بوون کە لە دەریای ئیژە نقوومبوو، لە ئەنجامی نقوومبوونی بەلەمەکەش 11 کەس گیانیان لەدەستدا کە 9 کەسیان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و دووەکەی دیکە خەڵکی ئەفغانستان بوون.

سەرپەیڤ