کانونی دوھەم 06, 2022 11:47 Asia/Tehran
  • شێخ نه‌هرۆ که‌سنه‌زانی : نابێت جیاوازی له‌نێوان رۆڵه‌کانی عێراقدا بکرێت و ئه‌رکی سه‌رشانی که‌سنه‌زانیه‌کانه‌ له‌هه‌مو شاره‌کانی عێراق دوباره‌ مرۆڤ بنیات بنێنه‌وه‌

شێخ نه‌هرۆ که‌سنه‌زانی سه‌رۆکی ته‌ریقه‌تی قادری که‌سنه‌زانی له‌جیهاندا ڕایگەیاند: نابێت جیاوازی له‌نێوان رۆڵه‌کانی عێراقدا بکرێت و ئه‌رکی سه‌رشانی که‌سنه‌زانیه‌کانه‌ له‌هه‌مو شاره‌کانی عێراق دوباره‌ مرۆڤ بنیات بنێنه‌وه‌ .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، «شێخ نه‌هرۆ که‌سنه‌زانی» سه‌رۆکی ته‌ریقه‌تی قادری که‌سنه‌زانی له‌جیهان دا ڕۆژی چوارشەممە له‌دانیشتنێکدا له‌ باره‌گای سه‌رۆکایه‌تی ته‌ریقه‌تەکەیان له‌سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌رکی سه‌رشانی که‌سنه‌زانیه‌کانه‌ له‌هه‌مو شاره‌کانی عێراق دوباره‌ مرۆڤ بنیات بنێنه‌وه‌و فریای تێکڕای ڕۆڵەکانی عێراق بکەون بە بێ جباوازی دانان.

وتیشی:  ته‌ریقه‌ته‌که‌یان هه‌وڵی راستکردنه‌وه‌ی رێڕه‌وو کاروباره‌کان له‌عێراقدا دەدات بەڵام دیارە لەوە گرینگتر ئەوەیە کە پێش دروست کردن و بنیاتنانەوەی وڵات، مرۆڤه‌کان بنیات بنێینه‌وه‌، چونکو رێکخراوه‌ ته‌کفیرییه‌ پیسه‌کان و پێکھاتە قێزه‌وه‌نه‌کان که‌ هه‌ڵگری ناونیشانی ئیسلامین، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست که‌ن به‌ سوتاندنی  ماڵ و موڵک و وێرانکاری، ناخی مرۆڤه‌کانیان کوشت.

«شێخ نه‌هرۆ که‌سنه‌زانی» جەختی لەوەش کردەوە، ئه‌و هێرشه‌ کوشنده‌یه‌ی ته‌کفیرییه‌کان به‌رپایانکرد هه‌وڵێک بوو بۆئه‌وه‌ی خاکی عێراق بکه‌ن به‌ خاکی خوێنڕشتن و کوشتن و بڵاوکردنه‌وه‌ی رق و کینه‌، به‌ڵام پاراستنی گیانی مرۆڤه‌کان زۆر گرینگه‌ و هه‌موو هه‌نگاوێکی ته‌ریقه‌ته‌که‌شیان ھەر بۆ رزگارکردنی مرۆڤه‌.

«شێخ نه‌هرۆ» له‌دانیشتنه‌که‌دا داواشی کرد، هه‌موان پاڵپشتی خه‌ڵکی موسڵ بن و رزگاریان بکه‌ن له‌و نه‌هامه‌تیه‌ی له‌لایان سه‌ربازه‌کانی شه‌یتانه‌وه‌ به‌سه‌ریان هاتووه‌و وتیشی: نابێت جیاوازی له‌نێوان رۆڵه‌کانی عێراقدا بکرێت و ئه‌رکی سه‌رشانی که‌سنه‌زانیه‌کانه‌ له‌هه‌مو شاره‌کانی عێراق دوباره‌ مرۆڤ بنیات بنێنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌موسڵ، چونکه‌ پێویستی به‌پاڵپشتی و هاوکاریی ئێوه‌یه‌ و بانگی هه‌ر هه‌مووتان ده‌کات.

سەرپەیڤ