شوبات 05, 2022 12:21 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە هەولێر دەستی پێکرد

ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی 630 ئەندام، کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەستیپێکردوو، ڕابەری ئێستای بزوتنەوەکەش دەڵیت، ''خۆم یەکێک بووم لە داڕێژەرانی ئەوەی ڕابەر تەنها بۆ دوو خول ڕابەربێت.''

 

 

بە پێی راپۆرتی وێستگە نیوز ، ئەمڕۆ شەممە 5ی شوباتی 2022، عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری ئێستای بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان  لەم کۆنگرەیەدا گوتی : ''خۆم بۆ پۆستی ڕابەری گشتی هەڵنابژێرمەوە، چونکە من خۆم یەکێک بووم لە داڕێژەرانی ئەوەی ڕابەر تەنها بۆ دوو خول ڕابەربێت چەندین جاریش هەوڵدراوە ئەو یاساییە بگۆڕدرێت و کەسێک بۆی هەبێت زیاتر لە دوو خول رابەر بێت، بەڵام قبوڵم نەکرد.''

باسی لەوەشکرد، ''لە ئێستاشدا ئیسلام لە گەشەدایە، بەڵام ڕێکخراوە حزبیەکان لە ڕووی  ئیدارەدانەوە لە پاشەکشەدان.''

لەلایەکی دیکەوە، مونیرە عەبدولعەزیز یەکێک لە کاندیدان بۆ وەرگرتنی ڕابەری بزوتنەوەکە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ''وەک چۆن لە رابردوودا دژی ئەو بەرنامە داڕێژراوە بووم کە پەروەدەی کۆمەڵگا تێکدەدات، بڕیاریشم داوەو دوای دەرچوونم پرسی پەروەردەو بانگەواز بە جددی ئیشی لەسەر بکەم.''

وتیشی، ''دەسەلات کارلەسەر ئەو دەکات کۆمەڵگا بەرەو عیلمانی ببات، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو بەرنامانە دەوەستینەوە.''

هاوکات، ''هەر ئەمڕۆ لە سەرەتایی دەستپێکردنی کۆنگرەکە ئەحسەن حەسەن وتەبێژی کۆنگرەکە بە پەیامنێری وێستگەنیوز-ی وت، ''ماوەی کۆنگرەکە تەنها یەک ڕۆژ دەبێت و سەرجەم ئەندامان بەژداری لە دەنگداندان بە ڕابەر دەکەن و لە ئێستاشدا کامیل حاجی عەلی تاکە کاندیدە پاڵێوراو بێت بۆ ئەو پۆستە.''

بزووتنەوەی ئیسلامی حیزبێکی سیاسیی ئیسلامییە و کار بۆ چەسپاندنی پەیڕەوکردنی شەرعی ئیسلام دەکات، لە ساڵی 1987 لەلایەن ژمارەیەک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دامەزراوە .

سەرپەیڤ