ئادار 24, 2022 09:57 Asia/Tehran
  • ڕەوتی سەدر بە ھاریکاریی پارتی و سوننە ھاوپەیمانیی «ڕزگاریی نیشتیمانی»ی پێک ھێنا

«موقتەدا سەدر» بە بۆنەی پێکھێنانی ھاوپەیمانیی سێ قۆڵی «ڕزگاریی نیشتیمانی» لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و باڵی سوننەی عێراق وەکو کۆتلەی زۆرینە لەگەلی وڵاتەکەی پیرۆزبایی دەکات و وەک دەستکەوتێکی گەورە دەینرخێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لەد میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردوو به‌ ئاماده‌بوونى نوێنەرانی هه‌ریه‌که‌ له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و کوتله‌ی سه‌در و سەروەری  له‌ به‌غدا، هاوپه‌یمانیی «ڕزگاریی نیشتمان» ڕاگه‌یه‌ندراو دواتر به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى هه‌ریه‌که‌ له‌ پارتی دیموکراتى کوردستان و هاوپه‌یمانى سەدر و سووننەکانیش بۆچوونی خۆیان لە بارەی پاڵێوراوانی پۆستەکانی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند.

ھەر لەم پەیوەندیەدا «موقتەدا سەدر» ڕابەری ڕەوتی سەدر لە توییتێکدا رایگەیاند: پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم بە بۆنەی راگەیاندنی کوتلەی زۆرینە و دیاری کرانی ناوی پاڵێوراوانی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

سەدر ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئەوەی بەدەستهاتووە دەستکەوتێکی بێوێنە و گرینگە بۆ رزگارکردنی نیشتمان و هیوادارم پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیش بێ دواکەوتن مسۆگەر بکرێت.

ڕابەری ڕەوتی سەدر دڵنیایی دەربڕی لە پتەو بوونی ھەڵوێستەکانیان و جەختی لەوە کردەوە کە،لە ئێستادا ئیدی  دەستەوەستان نابین تەنانەت ئەگەر  کارەساتەکانی پێشووش دووبارە ببنەوە.

سەرپەیڤ