فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی بایکۆت کرد
فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشداری کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکەن کە تایبەتکراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بەشداری کۆبونەوەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمان ناکەن کە تایبەتکراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە عێراق بەرگەی ئەو دابەش بونە ناگرێت کە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، فراکسیۆنەکەیان بڕیاری داوە بەشداری کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان نەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی نایانەوێت ببنە بەشێک لەو دابەش بونە قوڵ و گەورەیەی کەلەنێوان لایەنەکاندا هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە، هەرچەندە ئەو لایەنانەی بەشداری کۆبونەوەکەی پەرلەمان دەکەن لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن، لەڕوی ژمارەوە بۆ تەواوکردن یان شکاندنی نیسابی کۆبونەوەکە لەیەکەوە نزیکن، بەڵام تائێستا گریمانەی ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکە بەهۆی نەبونی نیساب زیاترە.
ئەمڕۆ شەممە (26-3-2022) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێویستە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە 220 ئەندام لە دانیشتنەکەدا ئامادەبن.