75 رێکخراو و کەسایەتی ھەرێمی کوردستان: تاوانبارانی ئەنفال رادەست بکرێن
75 رێکخراو و کەسایەتیی کورد راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن، لەگەڵ نزیکبونەوەی ساڵیادی شاڵاوی ئەنفال، داوا لە پۆلیسی ئەنتەرپۆل و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا دەکەن تۆمەتبارانی ئەنفال ڕادەستی یاسا بکەن.
ە پێی ھەواڵێکی میدیای خەندان ، ئەو رێکخراو و کەسایەتییانە لەراگەیەنراوێکدا باس لەوەش دەکەن، ژمارەیەک لەو 423 تۆمەتبارەی ئەنفال و تۆمەتبارانی کەیسی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەو جینۆسایدی بارزانیەکان، کە داواکراون لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لە دۆسیەی جینۆسایدی ئەنفال لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا دەژین لەوانەش بریتانیا، نەمسا، هۆڵندا، سویسرا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و دانمارک، لەئێستاشدا رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان وەرگرتوە، کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان تاوانبارانی جینۆساید نابێت مافی پەنابەریان پێبدرێت.
ئەوەش هاتوە، بۆیە داوا لە پۆلیسی ئەنتەرپول، ئیرۆپۆل، پۆلیستی تاوانەکانی جەنگ لە وڵاتانی ئەوروپا، دەزگای هەواڵگری وڵاتانی ئەوروپا-بەشی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتی دادی وڵاتانی ئەوروپا، پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن لە پێناو چەسپاندنی یاسا و سەروەربونی مرۆڤایەتی ئەو ژمارە تۆمەتبارانەی دەستیان لە جینۆسایدی خەڵکی کوردستانی عێراق هەیە رادەست بە یاسا بکەن.
14ی نیسان لە رۆژژمێری ھەرێمی کوردستان وەک رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دەست نیشانکراوە .
لە ھەڵمەتە تاوانکاریەکانی ئەنفال دا کە لە ساڵی 1988 و لە سێ قۆناغ دا ئەنجام دران ، رژێمی بەعسی سەدام ، 182 ھەزار کوردی کوشت و ھەزاران گوندی خاپور کرد .