هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن
فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان داوادەکەن کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت و پرسی هەڵبژاردن یەکلابکرێتەوە لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش دا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و حزبی شیوعی بەپێویستیان زانی “پەرلەمان کارابکرێتەوە و لەو چەقبەستووییە دەربچێت کە تێیکەوتووە”، داوای کۆبوونەوەی پەرەلمان دەکەن.
شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، پەرلەمان لە ئاستێکی باڵادا پەکخراوە و هەریەکە لە پارتی و یەکێتیش یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پەکخستنەکە.
عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریش داوایکرد کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێکبخرێت و لەو چەقبەستووییە دەربچێت.
فراکسیۆنی نەوەی نوێش هۆشداریی دا و دەڵێت، “تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان مۆڵەت دەدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەگەر پەرلەمان سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆنەبێتەوە ڕێکاری مەدەنیی دیکە دەگرینەبەر”.
فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن هۆشداریشیاندایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن.