داوای ھەرێم لە بەغدا بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شەنگاڵ
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایگەیاند، چارەسەر کردنی دۆخی شنگال لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق دایە، چوونکە بڕیار دراوە کە پەکەکە و ھێزی میلیشیا شنگال چۆڵ بکەن، بۆیە پێویستە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئینجا گەر بەخۆشی نەبێت پێویستە ھێز بۆ چۆڵکردنیان بەکار بھێندرێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخی شنگال لە ڕووی ئەمنی زۆر خراپە، تاوەکوو ھێزی میلیشیا و پەکەکە لە شنگال ھەبن دۆخی ئەو شارە خراپ دەبێت و ئاسایی نابێتەوە، چوونکە بەردەوام حکوومەت شاند ڕەوانە دەکات و ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چوونکە ئەوە چارەسەری دۆخی شنگال ناکات و پێویستە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە جێبەجێ بکرێت".
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتیشی: "پێویستە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت کە حکوومەتی عێراق داویەتی بۆ چۆڵ کردنی پەکەکە و میلیشیاکان لە شنگال، چوونکە بڕیارەکە دراوە و جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە، چوونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان کردووە لەسەر چەند خاڵێک، کە سەرەتا دۆخی شنگال لە ڕووی ئەمنی ئاسایی بکرێتەوە ئەویش بەدەرکردنی ھێزی پەکەکە و میلیشیاکان، بۆ ئەوەی دواتر ھەنگاوی دیکە بنرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆیە خاڵی یەکەم پێویستە جێبەجێ بکرێت".
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی: "کۆمەڵێک ھێزی چەکدار لە شنگال ھەن و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەگەر بەخۆشی ئەو ھێزانە ناوچەکە چۆڵ نەکەن ھێز لە دژیان بەکار بێنێت و ھەر چۆنێک بێت شنگال چۆڵ بکەن، چونکە ناکرێت دۆخی شنگال بەردەوام لەڕووی ئەمنیەوە بەو شێوەیە خراپ بێت".