کۆیە بەرھەڵستی ھێرشەکانی تورکیا دەکات
ڕۆژی پێنج شەممە دژی هێرشەکانی داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەریمی کوردستان لە شارۆچکەی کۆیە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەبراو داوای ئەوە کرا کە ڕێگری بکرێت لە هێرشکردنە سەر خاکی کوردستان.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، ڕۆژی پێنج شەممە لە شارۆچکەی کۆیە لە پارکی خوشکە فریشتە، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی شارەکە، دژی هێرشەکانی داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورکیا، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان بەڕێوە چوو.
لە گردبوونەوەکەدا مامۆستایەکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە، خەڵک هەمیشە بە سەر دوژمنەکانیاندا سەردەکەون و سەرشۆری و شکان بۆ دوژمنان و هاوکارەکانیان دەمێنێتەوە.
هەر لە گردبونەوەکەدا بەشداربوان رەخنەیان لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق و وڵاتانی دیکە گرت کە نەیانتوانیوە بەرامبەر بە هێرشە ناڕەواکانی تورکیا بوەستنەوە.
هەر لەو گردبوونەوەیەدا پشتیوانان و هاوکارەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار کران و ئەوە ڕاگەیەندرا کە، هەندێک هێز بوونەتە کەوا سوری بەر لەشکری بێگانە.