لە رۆژی جیهانی کرێکاران دا زیاتر لە هەزار ژینگەپارێز لە سنووری راپەرین بێ کاربوون
لە رۆژی جیهانیی کرێکاران زیاتر لە هەزار ژینگەپارێز لە سنووری ئیدارەی راپەرین بێ کاربوون و گرێبەستەکانیان نوێ نەکرایەوە.
دوێنێ یەکی ئایار، کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی کرێکاران، ژمارەیەکی زۆر لەژینگەپارێزان لە بەردەم باخی گشتی شاری ڕانیە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بێکاربوونیان راگەیاند.
سەربەست رەسوڵ، نوێنەری ژینگەپارێزانی ئیدارەی راپەرین بە میدیای شارپرێسی ڕاگەیاند" بەهۆی تەواو بوونی گرێبەستی کۆمپانیای گارێکس لەئێستادا لە سنوری ئیدارەی راپەرین زیاتر لە هەزار ژینگەپارێز بێ کار بوون و گرێبەستیان بۆ نوێ نەکرایەوە و هاوکات ماوەی 61 رۆژیشه مووچەیان وەرنەگرتووە"
ئاماژەشی بەوەکرد، دەبوایە دوو مانگ پێش ئێستا تەندەرەکە درابوایە کۆمپانییەکی تر تا ئەوان بێ کار نەبوونایە.
هەروەها وتیشى، هەرچی زووە پێویستە مووچەی مانگی سێ وچواریان پێ بدرێت و مووچەکانیشیان هاوتابکرێت لەگەڵ کارمەندانی تری شارەوانیەکانی تر.
ئەو ژینگە پارێزانە داواشیان کرد، تەواوی پێداویستییەکانی کارکردنیان بۆ دابین بکرێت و چیتر ژمارەی ژینگە پارێزان لەکۆمپانیادا کەم نەکرێتەوە.