موسەننا ئەمین: گومان دەکرێت حکومەتی هەرێم لە پشت دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانەوە بێت
پرسی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا بووەتە پرسێکی گەرم وئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت"گومان دەکرێت حکومەتی هەرێم لە پشت دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانەوە بێت".
بە پێی هەواڵی ئاژانسی مێهر به گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ، ، موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: هاورێم هەیە 21 ساڵە لە بەریتانیایە و چوار منداڵی هەیە و ژنەکەی بەریتانیە و بڕیاردراوە 30 ئەم مانگە بە زۆر دیپۆرت بکرێتەوە.
موسەننا ئەمین، وتی:"گومان دەکەین حکومەتی هەرێم گڵۆپی سەوزی بۆ بەریتانیا هەڵکردبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێم بە زۆر دیپۆرت بکەنەوەو ئەم بابەتە لەسەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا باسکرابێت".
لەسەر هەمان بابەت، دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند: بەداخەوە لە هەلومەرجێک دا کە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە، پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عێراقی جارێکی دیکە قەیران بۆ کۆی پڕۆسەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.