May 24, 2022 12:48 Asia/Tehran
  • پلاسخارت: با لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووەوە وتووێژ بکەن

نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆبوونەوەیەکی داخراو لە 26ـی ئایار بانگهێشتن کرد بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «جێنین پلاسخارت» نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە توییتێکدا ڕایگەیاند: لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێ کۆبوونەوەیەکی داخراو بەڕێوە بەرن و بیروڕای خۆیانی تیادا بگۆڕنەوە.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە، کۆبوونەوەکە دەبێتە پێشوازییەک و دەرفەتێکی پێویست بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی راستەوخۆی بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە 1ـی ئۆکتۆبەری 2022 بەڕێوەبچێت. 

لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 1ـی ئۆکتۆبەری 2022 واژۆکرد. 

رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2022، جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە گوتارێکدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشت قسەی کرد و باسی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. 

«جێنین پلاسخارت» لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داھاتوو گوتی: نەبوونی یەک دەنگی لە هەرێمی کوردستان زیانی هەبووە. زۆر گرنگە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان کراوە بێت.

هەر لەو گوتارەدا پلاسخارت گوتیشی: هەرێمی کوردستان یەک بژاردەی هەیە. چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە 1ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و زۆر گرنگە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان کراوە بێت، گرنگ نییە گەورەن یان بچووک، بەڵکو گرنگ ئەوەیە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموویان بڕەخسێت، واتە دەبێت بەستێنێک تایبەت بە هەڵبژاردن خۆش بکرێت.

سەرپەیڤ