16ی ئەم مانگە ، وادەی یەکەم گەشتی حاجیانی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 16ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجیانی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی سعودیە بەڕێدەکەون و گەشتەکانییش رۆژانە تاوەکو (22/6/2022) بەردەوام دەبن.
بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ھەرێم ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێم لەراگەیەنراوێک دا باسی لەوەشکردوە، بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو بۆ بەڕێکردنی حاجیانی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی سعودیە، یەکەم کاروان لە ڕێکەوتی (16/6/2022) دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت تاوەکو (22/6/2022) لەرێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی.
پێشتر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم ئاماژەی بەوەکردبو، ئامانجی سەرەکی ھەنگاوەکانی پرۆسەی حەج، خزمەتکردنی حاجیانە، مەرجە کۆمپانیاکانی حاجیان لە سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردن و ڕێنوێنیکردنیان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی حەج بۆ حاجیان کەمتەرخەمی نەکەن، پێویستە بە ھەمو توانایەکەوە لە خزمەتی پرۆسەکە و تاک بەتاکی حاجیاندا بن، هەروەها ئەو گەشتە بە دەرفەتێک بزانن بۆ ناساندنی کلتوری بەرز و ئادابی کوردەواری بە گەلان و وڵاتان.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی دەڵێت، بەھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی حاجیان، بڕیارە بۆ بهجێگهیاندنی فهریزهی حهج، ئەمساڵ 2120 حاجی لەھەرێمی کوردستانەوە سەفەری حەج بکەن، ئەوەش لەکاتێکدایه که مافی بەشداریی حاجیانی ھەرێمی کوردستان 4350 کەسە.