حوزه‌یران 21, 2022 07:19 Asia/Tehran
  • زیاتر لە 1500 حاجیی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە شاری مەدینە

‌بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە، زیاتر لە 1500 حاجیی کوردستان گەیشتوونەتە شاری مەدینە و بڕیاریشە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەوە بگاتە شاری مەککە.

بە پێی ھەواڵێکی میدیای وێستگە نیوز ، دوێنێ دوشەممە  شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1500 حاجیی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتوونەتە عەرەبستانی سعودیە، بڕیارە  سێشەممە یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەوە بگاتە شاری مەککەی پیرۆز".

 بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئامادەکارییەکی تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە و تاوەکو ئێستاش توانیویانە بە شێوەیەکی رێکوپێک خزمەتی حاجییان بکەن و هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستانیش سەلامەتن."

 شێخ نیاز نەقشبەندی ئەوەیشی خستەڕوو، "تاوەکو رۆژی چوارشەممە 22-06-2022 تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەنە عەرەبستانی سعودیە." 

دوای دوو ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژی 17-06-2022 یەکەم گەشتی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە دەستیپێکرد.

سەرپەیڤ