حوزه‌یران 26, 2022 18:25 Asia/Tehran
  •  دوایین زانیاریه‌کان له‌باره‌ی دانوستانی نێوان پارتی دیموکرات و یه‌کێتی نیشتمانیی

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەکان بەگشتیی "کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە و نزیکبوونەوەی باش هەیە" بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە سیاسی و ئابورییەکان بۆ فەراهەمکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

سۆران جەمال تاهیر، وته‌بێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ میدیای حزبه‌که‌ی راگه‌یاندوه‌ "عێراق بە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت و ئێمە وەک یەکێتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سازان و لێکتێگەیشتن بوین، بڕوامان بە زمانی گفتوگۆ هەبوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکان، و لەگەڵ ئەوە نەبوین کورد ببێتە بەشێک لەململانێی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی عیراق".

سۆران جەمال تاهیر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "دەبێت ڕێز لە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بگیرێت و ڕۆڵیان هەبێت لە حکومەتی داهاتوی عێراق، لەپێناو دامەزراندنی حکومەتێکی بنکە فراوانی بەهێزی بونیادنەر، کە لەئاستی داوا و داخوازیەکانی هاوڵاتیان بێت". 

سەبارەت بەگفتوگۆکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان وتی، "یەکێتیی جەخت لەسەر بیروڕاکانی دەکاتەوە کە بەزوترین کات هەڵبژاردن بکرێت و کۆمسیونی باڵای هەڵبژاردن کارا بکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێت، بە هەماهەنگی و سازانی هێز و لایەنە سیاسیەکان، کە تێیدا فرەبازنەیی پەیڕەو بکرێت و پێکهاتەکان بەئازادانە دور لەدەستتێوەردان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و تۆماری دەنگدەران پاکژبکرێتەوە، و کار بە سیستمی بایۆمتری بکرێت بۆ شێوازی دەنگدان لەچوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە کوردستان".

سەرپەیڤ