ئاشکرا بوونی نهێنیی کشانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان
شارەزایەکی بواری نەوت لە عێراق هۆکارەکانی پشت کشانەوەی بەشێک لە کۆمپانیا بیانیهکانی بواری نهوت لەهەرێمی کوردستانی ئاشکرا کردو رایگهیاند:کشانەوەی ئەو کۆمپانیایانە هیچ پەیوەندییەکی بە بوونی مەترسیی ئەمنییەوە نییە، بەڵکو ئەوان لەوە دەترسن تۆمەتی بەقاچاخ بردنی نەوتی عێراقیان بکەوێتە سەر لە ئاستی جیهان دا زیانی گەورە بەناوبانگیان بکەوێت.
بەکر جەعفەر شارەزای بواری نەوتی عێراقی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کشانەوەی خێرای کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکانی بە بوونی مەترسیی ئەمنیی یان نیگەرانییەکی تایبەتەوە نییە، بەوپێیەی ئەو کۆمپانیایانە پێشتر لەچەندین ناوچەی ناسەقامگیری سەرانسەری جیهان کاریان کردووە.
وتیشی: کۆمپانیاکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەرهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی یاسایی نییە و دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بەبڕیارێکی فەرمی ئەو بابەتەی یەکلایی کردۆتەوە، بۆیە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو ژینگەیەی لەهەرێمی کوردستان کاری تێدا دەکەن نایاساییە و رەنگە لەداهاتوودا تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراقیان لەڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بدرێتەپاڵ.
بە وتەی جەعفەر، هەرچەندە ئەو کۆمپانیایانە داهاتێکی زەبەلاحیان لە کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دەست دەکەوێت، بەڵام نایانەوێت لەسەر دۆسیەیەکی نایاسایی لەگەڵ بەغدا بکەونە کێشەوە کە رەنگە لەسەر ئاستی جیهان زیانی گەورە بە ناو و ناوبانگیان بگەیەنێت.