پارتی مەرجەکانی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق دەستنیشان دەکات
بەرپرسی دۆسیەى عێراق لە بارەگای بارزانی رایگەیاندووە:ئەوەی بەنیازە ببێتە باشترین سەرۆکوەزیران لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێویستە چوار مەرج جێبەجی بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «عەرەفات کەرەم» بەرپرسی دۆسیەى عێراق لە بارەگای بارزانی لە توییتێکدا لە پەڕەى خۆی لە تویتەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە هەر کەسێک بیەوێت ببێتە باشترین سەرۆکوەزیران پێویستە چوار مەرجی تێدا ھەبێت.
ئەم بەرپرسەى بارەگای بارزانى وەک دەستنیشان کردنی مەرجی یەکەم و دووھەم ئاشکرای کردووە کە، پێویستە سەرۆک وەزیران چارەسەریی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بکات و ئینجا رێگا لە دەستتێوەردانی دەرەکیش بگرێت.
«عەرەفات کەرەم» بۆ دیاری کردنی مەرجی سێھەم باسی لەوەشکردووە، باشترین سەرۆکوەزیران پێویستە رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران بکات.
بەرپرسی دۆسیەى عێراق لە بارەگای بارزانی چوارەم مەرجیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە، پێویستە سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق چەک تەنها لە دەستی لایەنە ئەمنی دەستورییەکاندا بھێڵێتەوە.
مەرج دیاری کردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق لە کاتێکدایە کە ئەم لایەنە ھێشستا لە سەر گرینگترین و سەرەکی ترین فەکتەری پێکھاتنی دەوڵەتی عێراق کە ناساندنی پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی وەک لایەنی خەنیمی خۆی ڕێک نەکەوتووە.