ته‌مووز 20, 2022 19:57 Asia/Tehran
  • لەسەر ھێرشی دووبارەی تورکیا داوای بانگ کردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان دەکرێت

لەسەر ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی زاخۆ داوای بانگ کردنی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان و وڵام دانەوە بە تورکیا دەکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆردومانەکەی ئەمڕۆی زاخۆ کە بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، نابێت تەنها بە سەرکۆنە کۆتایی پێبهێنرێت و پێویستە «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت و وەڵامێکی گونجاوی تورکیاش بدرێتەوە.

«شیروان دوبەردانی» ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەش کرد، بە تەنیا سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیا بەس نیە کە بەهۆیەوە نزیکەی چل هاوڵاتی عێراق بوونە قوربانی، بۆیە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکات «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران بانگهێشتی پەرلەمان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بێ دەنگی حکومەت کە ناکۆکە لەگەڵ پاراستنی سەروەریی خاک و خەڵکی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کردووە: ئێمە بەشێک نین لە ناکۆکیی نێوان پارتی کرێکارانی تورکیا و سوپای تورک لەناو هەرێم و پارێزگاکانی عێراق، تا لەلایەن هەردووک لاوە خەڵک بەکاربهێنرێت.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سوپای تورکیا تۆپبارانی سنوری سەیرانگای «پەرەخی» لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و به‌هۆیه‌وه‌ نۆ کەس مردن و 22 کەسیش برینداربون کە ژن و منداڵیشیان لەناودایە.

سەرپەیڤ