سلێمانیش دژی ھێرشەکەی سەر زاخۆ ھاتە دەنگ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری سلێمانیی ھەرێمی کوردستان دژی تۆپبارانەکەی زاخۆ گردبونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە براو نوێنەری گردبونەوەکەش رایگەیاند، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو "ناهەقیانەی تورکیا بەرامبەر بە گەلەکەمان دەیکات و پشتیوانی خۆشمان بۆ نارەزایەتیەکانی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی باشور و ناوەراستی عێراق رادەگەیەنین.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «بەختیار مستەفا» نوێنەری گردبونەوەی دژی هێرشەکەی تورکیاپرێس کۆنفرانسێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش تێیدا ئامادە بوون، باسی لەوەشکرد، تورکیا بە پاساوی بێ بنەما بۆردومانی ئەو ناوچەیەی کردوە کە بووەتە هۆی کوژرانی نۆ هاوڵاتی و برینداربونی ٢٩ هاوڵاتیی دیکە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ئەمەش ئەوە دوپات دەکاتەوە کە دەوڵەتی تورکیا هیچ پێوەرێکی ئایینی و ویژدانی و ئەخلاقیی نیە و گوێ بەوەنادات کە ئەوانەی دەبنە قوربانی کێن و چ کارەن.
ئاماژەی بەوەشکرد،داواکارین لە حکومەتی عێراق هەڵسێت بە بانگهێشتکردنی باڵوێزی تورکیا لە بەغدا و بە توندی ئیدانەی ئەم کارو کردەوانە بکرێت، هەروەها تورکیا ناچار بکرێت قەرەبوی قوربانیان بکاتەوە و بە فەرمی داوای لێبوردن بکات و سوپاکەی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە".
لای خۆیەوە سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش وتی: سوپای تورکیا بە قوڵیی 30 کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاکی عێراقەوە و زیاتر لە 30 بارەگای سەربازی و هەواڵگریی تورکیا لە هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، لە کاتێکدا بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا، عێراق رێگەی داوە تەنها پێنج کیلۆمەتر سوپای تورکیا بێتە ناو خاکەکەیەوە، بەڵام لەئێستادا "%40ی خاکی دهۆک لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیر کراوە بەو هۆیەوە سەدان گوند و رەز و باخ بەهۆی بۆردومانەکانەوە چۆڵ کراون کە سەرچاوەی داهاتیان لەسەر باخداری و ئاژەڵدارییە.
ئەوەشی خستەڕو، "کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیا مێژویەکی درێژی هەیە و چەندینجار پرۆسەی ئاشتی قۆناغی باشی بریوە، بەڵام چەک و شەڕ بووەتەوە بە بەدیلی بەشی زۆری ماڵ وێرانیەکەشی بۆ خەڵکی مەدەنیە، بۆیە حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە خوێنی هاوڵاتیەکانی بەپێی ئامارەکان لە ئابی 2015وە 138 هاوڵاتی کوردستان بە بۆردومانەکانی تورکیا شەهید بوونەو کەچی حکومەتی هەرێم جگە لە دەرکردنی بەیاننامەی شەرمنانە، هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نەبووە.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، "حکومەتی هەرێم ئەوەندەی ئیدانەی هۆکارەکانی ئەنجامدانی هێرشەکانی کردووە ئەوەندە ئیدانەی ئەنجامدانی هێرشەکانی نەکردوە، رێککەوتنی هەواڵگری نهێنی و ئەنجامدانی گرێبەستی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و تورکیا و گرێبەستی 75 ساڵەی نێوان عێراق و تورکیا یەکێکی دیکەن لە هۆکارەکانی رودانی ئەم کارەساتەیە.
لای خۆیەوە «موسەننا ئەمین» ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رایگەیاند: ئەم جۆرە روداوانە بە ئیدانەکردن و راگەیەندراو نە چارەسەر دەکرێت نە کۆتایی پێدێت، ئەم بابەتە کێشەیەکی ئەمنی ئاڵۆزە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بریتیە لە پارێزگاری لە سەروەریی خاکی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی و دوبارەنەبونەوەی ئەم تاوانانە، کە تاوانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتین بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان.
باسی لەوەشکرد، پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقدایە بۆیە "داوامان کردوە کۆبونەوەیەکی بەپەلە بکرێت لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوەو پەرلەمان بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیران و خوێن ڕشتنەی هاوڵاتیانی مەدەنی، کە بەردەوام خۆیان وماڵ و باخ و ئاژەڵەکانیان لە بەردەم مەترسیەکی جددی دان.