ته‌مووز 29, 2022 11:24 Asia/Tehran
  • سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق دیداری کرد

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازیی کرد لە وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق و وتووێژی لەگەڵدا کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «بافڵ تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد پێشوازیی کرد لە «دکتۆر فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆبوونەوەکەدا لە بارەی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار گفتوگۆ کراوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان، لێکتێگەییشتن و سازان لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە کراوەتەوە ھەتاوەکو حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار دا بمەزرێت کە ببێتە مایەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم جەماوەری عێراق.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی کورد لە عێراق کە لەم ئاراستەیەش دا هەردووک لا لەسەر یەک گوتاری و یەک هەڵویستی کورد هاوِرابوون.

سەرپەیڤ