ته‌مووز 30, 2022 03:35 Asia/Tehran
  • پارتی دیموکرات: بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ناکەین

پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ھەڵوێستێکدا لە بارەی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراقەوە کە پشکی کوردە ڕایگەیاندووە: سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ناکەینەوەو بە دوو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان ناکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە: بە دوو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە ناچینە دانیشتنی پەرلەمانەوە و پارتی ئەو دانیشتنە بایکۆت دەکات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە میدیای پارتەکەی وتووە: لە ئێستادا سیناریۆکەی ساڵی 2018 دووبارە ناکەینەوەو کورد بە دوو کاندید ناچێتە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە ھەتا سوننە و شیعە کاندیدی کورد بۆ سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە.

ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێ کورد بۆخۆی ئەو پرسە لەناوخۆیدا یەکلایی بکاتەوە.

دوو بەردانی وتیشی: گفتوگۆ بەردەوامە و ئەگەری هەیە لەم ڕۆژانە دا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق.

ئەم پەرلەمانتارە کوردەی سەر بە پارتی دیموکرات وتووشیەتی: بڕیاری سەرکردایەتی پارتییە کە بە هیچ شێوەیەک بە دوو کاندید ناچینە هۆڵی پەرلەمانەوە و بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەکەین.

ئەم دواھەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتیمانیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار ھیچ مامەڵەیەک لەگەڵ پارتی ناکات.

سەرپەیڤ